دوو هەفتەی تر تاران دەخنکێت و چۆڵ دەکرێت
ئەمساڵ تاران بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنێت و وا بڕوا دانیشتووانەکەی شارەکە چۆڵ دەکەن
دۆخی پایتەختی ئێران گەیشتووەتە خاڵی سوور و تەنیا بەشی دوو هەفتە ئاوی ماوە، ئەم قەیرانە گەورەترین هەڕەشەیە بۆ دانیشتوانی تاران و نیازی چۆڵکردنی شارەکەیان هەیە.
ئەم دوو ساڵە بۆ ئێران بەگشتی و بۆ تارانی پایتەختی بەتایبەتی، بە خراپترین و وشکترین ساڵەکان دیاری کرا، بەوەی کەمترین ڕێژەی بارانبارین لە ئێراندا تۆمار کرا و ڕێژەی بارانبارین لە تارانیش گەیشتە ژێر سفر، هەر ئەمەش وایکردووە بۆ بەڕێکردنی ژیانی ڕۆژانە پشت بە ئاوی بەنداوەکان ببەسترێت، بەڵام لەئێستادا بەنداوەکانیش خەریکە هیچ پاشخانێکی ئاویان نامێنێت و وشک دەبن.
مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران لە ماوەی ڕابردوودا هۆشداریی لە نەبوون و کۆتاییهاتنی ئاوی تاران دابوو، بەڵام بەرپرسان و کاربەدەستانی دیکەی ئەو وڵاتە دەڵێن؛ هۆشدارییەکەی پزیشکیان درەنگ باسکرا، کارەساتەکە لەوە قووڵترە و لە بەرامبەریدا هیچمان پێ ناکرێت.
هەر سەرۆککۆماری ئێران لەم مانگەدا جارێکی دیکە باسی بێ ئاویی تارانی کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر باران نەبارێت ئیتر ئاوی پێویستمان بۆ خواردنیش نابێت، ئەگەر دوای ئەوەش باران نەبارێت ناچار دەبین تاران چۆڵ بکەین.
لەئێستادا و دوای هاتنە ئارای قەیرانی ئاو لە ئێران، عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزە، بڕینی ئاوی شەوانە لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند و داوای لە خەڵک کرد کە بۆ خۆیان شوێنی پاشەکەوتکردنی ئاو (عەمباری ئاو) لە ماڵەکانیان دابنێن، هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر کەمی ئاو بەردەوام بێت، ڕەنگە لە هەندێک شەودا پەستانی ئاو بۆ سفر دابەزێت.
جێگای ئاماژەیە، ژمارەی دانیشتوانی تاران بە نزیکەی 14 ملیۆن و 500 هەزار کەس دەخەمڵێنرێت، بەرواوردەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، ڕۆژانە نزیکەی 3 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەلایەن دانیشتوانەکەیەوە بەکاردەهێنرێت.