دەنگی دەیان هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت دەفەوتێت
لێپرسراوی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان گیر و گرفتەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ دەنگدان دەخاتەڕوو
بڕیارە ڕۆژی سێسەممە دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، لێپرسراوی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان گیر و گرفتەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ دەنگدان دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ شەممە سامان حوسێن، لێپرسراوی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، تا ئێستا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕێکاری تایبەتی بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بڵاونەکردووە، چونکە کەسانێک هەن کە نابینان یاخود کەر و ڵاڵ و شەلەل دەماغیان لەگەڵدایە، هەروەها زۆرێک لە قوتابخانەکانیش گرفتی هەبوونی پەیژەیان هەیە.
بەگووتەی سامان حوسێن، ئومێد دەکات کۆمسیۆن ڕێگری لە کەسوکاری خاوەن پێداویستی تایبەت بکە، تا لەگەڵیان نەچن بۆ بنکەکانه دەنگدان بەڵکو لە رێگەی کارمەندانی کۆمسیۆنەوە هاوکارییان بکرێت.
لێپرسراوی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان ڕوونیکردەوە، تا ئیستا لە هیچ هەڵبژاردنێکی عێراق و هەرێمی کوردستان، بنکەی دەنگدان تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دانەدراوە بەڵکو تەنیا هاوکاریان کراوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا سامان حوسێن، هەموو هەڵبژاردنێک دەیان هەزار دەنگی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەفەوتێت، چونکە کەسانێک هەن ناتوانن ڕووبکەنە بنکەکانی دەنگدان.