پایتەخت

تیمی بەدواداچوون چییان لەسەر شەقامە مشتومڕاوییەکەی کۆیە ئاشکرا کرد؟

تیمی بەدواداچوون چییان لەسەر شەقامە مشتومڕاوییەکەی کۆیە ئاشکرا کرد؟
کورتە

حکومەتی هەرێم ڕاپۆرتێکی لەسەر پڕۆژەی دوو سایدی فیدراڵی کۆیە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە پڕۆژەکە مەترسییە لەسەر گیانی هاووڵاتییان

دوو سایدی فیدراڵی کۆیە بووە هۆی مشتومڕێکی زۆر لە نێوان چەند لایەنێکی هەرێمی کوردستاندا، هاووڵاتییانی کۆیەش ناڕازی و نیگەرانن لە پڕۆژەکە.

هەر کە سەیری دەکەیت لاری و ناڕێکییەکەی بێزارت دەکات، تیمی بەدواداچوونیش دەڵێن؛ مەترسییە لەسەر گیانی هاووڵاتییان! دوو سایدی فیدراڵی کۆیە ئەم ماوەیە زیاترین  مشتومڕی لێکەوتەوە، بەڵام دوای دروستبوونی گرژییەکان، تیمێکی شارەزا چوونەتە سەر ڕێگاکە و بە وردی بەدواداچوونیان بۆ کردووە، کۆمەڵێک بابەتی هەستیاریان لەبارەی دروستکردنییەوە ئاشکرا کردووە و لە ڕاپۆرتێکی 11 لاپەڕەییدا بڵاویان کردووەتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە؛ ئەم پڕۆژەیە لە نێوان 2 کۆمپانیادا ئاڵوگۆڕی پێکراوە، کۆمپانیای جێبەجێکاری یەکەم نەیتوانیوە بە شێوەیەکی باش کارەکان ئەنجام بدات و دراوەتە کۆمپانیایەکی دیکە، بێجگە لە 6 ملیار دینار گوژمەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە کە بڕیار بوو لە ساڵی 2022 دوای ماوەی 550 ڕۆژ تەواو بکرێت بەڵام ماوەکەی زۆر زیاتر لە وادەی خۆی دوا کەوت، هاوکات یەک ملیار و 800 ملیۆنیش زەرەری لێکەوتووەتەوە، چونکە گرفت و ناڕوونی لەنێوان هەردوو کۆمپانیای بەڵیندەردا هەبووە، ئەمە جیا لەوەی ئەندەرپاسێکی زۆر زەرووریشی بۆ لەبەرچاوگیرابوو کە دروستبکرێت، بەڵام تێیدا نییە و بە کۆنکرێت ڕێگاکە گیراوە، ڕێگاکە بە ستانداردی پێویست دروست نەکراوە، لار و لەوێریی زۆری تێدایە و مەترسییە بۆ گیانی هاووڵاتییان، شۆڵدەرەکان ناڕێک و نا ستانداردن، ڕووناککەرەوەی تێدا نییە، دەرخستەی پڕۆژەکە کاری هێڵکاری تێدا نەکراوە.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەشکراوە، پردی پڕۆژەکە یەکێکی دیکە لەو کێشە سەرەکییانەیە کە تیمەکە ئاماژەیان پێکردووە، ڕێڕەوی خێراکردنەوە و خاوکردنەوەکەی بە شێوەی ستاندارد نییە، قەپاغی مەنهۆڵەکان دانەنراون، کێشەی ڕێڕەوی ئاوی هەیە و چەندین گرفتی دیکەش، کە پێویستە چارەسەر بکرێن.

06 تشرینی دووەم 2025 16:03
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025