بەرهەمی نەوتی کوردستان دەگەیێنینە 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا
ڕاپۆرتێکی دارایی بۆ سێ مانگەی سێیەمی ئەمساڵ لەلایەن کۆمپانیای DNO ـی نەرویجی بۆ کاروباری نەوت بڵاوکرایەوە
کۆمپانیای DNO ـی نەرویجی بۆ کاروباری نەوت نوێترین ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی بڵاوکردەوە و موژدەیەکی گرنگی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە.
کار و چالاکیی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان لە کوردستان بەردەوامە و بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕەکانی جیهان، وەرچەرخانێکی گرنگ لە بازاڕی نەوت و هەروەها چالاکیی کۆمپانیاکاندا دروست بووە، لەم نێوانەشدا کۆمپانیای نەوتی DNO ـی نەرویجی هیوای ئەوەی هەیە بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر بکات.
کۆمپانیای DNO ـی نەرویجی بۆ کاروباری نەوت نوێترین ڕاپۆرتی چالاکییەکانی خۆی بڵاوکردووەتەوە، کە بریتییە لە ڕاپۆرتێکی دارایی بۆ سێ مانگەی سێیەمی ئەمساڵ، ئەمەش بەمەبەستی دیاریکردنی داهات و قازانجەکانیان.
کۆمپانیاکە لە ڕاپۆرتەکەیدا سێ مانگەی سێیەمی ئەمساڵی بە گرنگ و جێگای سەرنج ناوبردووە، بەوشێوەیە کە زۆرترین و زیاترین قازانج و داهاتیان هەبووە و هەر ئەمەش وایکردووە پلان و بەرنامەی جدیتر بۆ بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان دابنێن.
کۆمپانیا نەرویجییەکە پلانێکی ستراتیژیی بۆ نەوتی هەرێم هەیە، هەر لە ئێستاوە دەستی کردووە بە هەڵکەندنی بیری نەوتی دیکە لە کێڵگەکانی تاوکێ و بێشابووردا و لە بەرنامەیدایە، هەناردەی نەوتی هەرێم بگەیەنێتە 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
بە زۆرترکردنی هەناردەی نەوتەکەی، هەرێمی کوردستان پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی ئابووری لە بازاڕەکانی جیهاندا و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ناوخۆی هەیە، کۆمپانیای DNO بۆ سەرخستنی بەرنامەکەی هەر لە ئێستاوە دەستی بە کارەکانی کردووە و هیوای ئەوەیان هەیە، تا کۆتایی ئەمساڵ بەو بڕە دیاریکراوە بگەن، کە دەیانەوێت ڕۆژانە هەناردەی بکەن.