ئێران 2 دیلی فەڕەنسی ئازاد کرد
ئێران ئەو 2 دیلە فەڕەنسییەی ئازاد کرد کە سزای 30 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندبوون
دوای 3 ساڵ لە دەستبەسەرداگرتنیان، ئێران دوو هاووڵاتیی فەڕەنسی ئازاد کرد.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر یەک لە سێسیل کۆهلەری تەمەنی 41 ساڵان و جاک پاریسی 72 ساڵانی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرد و دەیانگوازێتەوە بۆ باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە تاران.
سێسیل کۆهلەر مامۆستا و ئەندامی سەندیکای کرێکارانی فەرەنسا و هاوسەرەکەی جاک پاریس، مامۆستای خانەنشینکراو و سکرتێری گشتیی بەشی پەروەردەی هەمان سەندیکا، کە وەک گەشتیار سەردانی ئێرانیان کردبوو، لە مانگی 5ـی 2022 لە ئێران دەستگیر کران.
دواتر دادگەی تاران لە حوکمی سەرەتایی خۆیدا بە تۆمەتەکانی سیخوڕیی بۆ باڵادەستیی هەواڵگریی فەرەنسا دژی ئێران، کۆکردنەوەی زانیاری و هاوکاریکردن بۆ ئەنجامدانی تاوانێک دژی ئاسایشی وڵات و هاوکاری هەواڵگری لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیل، سزای زیاتر لە 30 ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەرووکیان سەپاند.
ئازادکردنی ئەم دوو هاوڵاتییە فەڕەنسییە دوای ئەوە دێت، مانگێک لەمەوبەر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕکردنی دوو هاووڵاتییە فەڕەنسییەکە لەگەڵ ژنێکی ئێرانی، کە لە فەڕەنسا دەستگیرکراوە خەریکە کۆتایی پێدێت.