ئەو کەسانەی بە هەڕەمەکی تەقەیان دەکرد دەستگیرکران
                
            
        دوای ئەوەی 2 کەس لەسەر شەقامی 120 مەتری بە هەڕەمەکی وەک بانگەشەکردنی هەڵبژاردن تەقەیان دەکرد، لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیرکران
ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، لە دوای ئاگادارکردنەوەیان لە لایەن چەند هاووڵاتییەکی شاری هەولێر بە بیستنی حاڵەتێکی تەقە کردن لە نزیک شەقامی 120 مەتری بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن بەرێوەبەرایەتیەکەیان دەستیان کرد بە بەدواداچوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر، بۆیان دەرکەوت کە ئۆتۆمبێلێک لە جۆری ئێم جی رەنگ سپی هەڵگری تابلۆی هەولێر کە 2 سەرنشینی تێدایە تەقە دەکەن، بە شێوەی هەڕەمەکی وەک بانگەشە کردنی هەڵبژاردن بۆ لایەنێکی سیاسی دیاری کراو دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆلینەوەی هەولێر توانرا هەردوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (م. ح. ص) و (س. ت. ت) دەستگیر بکرێت.
جێگەی باسە، تۆمەتباران پێچەوانەی رێنماییەکان و بڕیارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان کارەکەیان کردووە، هۆکاری دروستکردنی پشێوی و بڵاوکردنەوەی دڵەڕاوکێ لەناو هاووڵاتییانی شاری هەولێر، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، هەر کەس و لایەنێک ببێتە هۆکاری پشێوی و تێکدانی ئارامی پارێزگای هەولێر ڕووبەڕووی یاسای دەکەنەوە، داوا لە تەواوی لایەنە سیاسیەکان و هاووڵاتییانی دەکەن پەنا نەبەنە بەر توندو تیژی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن.