کوردێک خەڵاتی زێڕی گەورەترین پێشبڕکێی جیهانیی ئەندازیاریی جێنێتیکی بردەوە
کوردێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانی خەڵاتێکی گەورەترین پێشبڕکێی جیهانیی ئەندازیاریی جێنێتیک بباتەوە
دیسان کورد لە ئاستی جیهانیدا ناوی درەوشایەوە و سەرکەوتنێکی گەورەی لە بواری جێناتدا تۆمار کرد.
هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی ئالان سامڕەند دانیشتووی وڵاتی نەرویجە و توانیی لە گەورەترین پێشبڕکێی جیهانیی ئەندازیاریی جێنێتیک لە ناو 4 هەزار و 500 کەسدا خەڵاتی یەکەم و مەدالیای زێڕین بباتەوە.
ئالان سامڕەند، خەڵکی مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دانیشتووی وڵاتی نەرویجە، ئەو یەکێک لە ئەندامانی گرووپێکی 9 کەسیی زانکۆی ئۆسلۆیە کە لە پێشبڕکێی جیهانیی زانستی ئەندازیاریی جێنێتیک (iGEM) لە پاریس بەشداریی کردبوو، لە کۆتاییدا توانیی خەڵاتی زێڕین و یەکەمی ئەو پێشبڕکێیە مسۆگەر بکات.
ئەو هاووڵاتییە کوردە خوێندکاری بەشی جێنێتیکە لە زانکۆی ئۆسلۆی نەرویج، ئالان سامڕەند بە شێوەیەکی سەردەمیانە و بە گرنگییەوە کار لەسەر جێناتی نەخۆشییەکانی مێشک لە ناو منداڵاندا دەکات، پێشتریش بەهۆی ئەنجامدانی توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر شێرپەنجەی مێشکی منداڵان، لە لایەن زانکۆی ئۆسلۆی نەرویجەەوە خەڵات و ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە.