وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێکی لەسەر داشکاندنی کرێی خوێندن دەرکرد
وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندی ئەو خێزانانەی دوو قوتابیی یان زیاتریان هەیە دەکرد
وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندی ئەو خێزانانەی دوو قوتابیی یان زیاتریان لە خوێندنی پارالێڵ یاخود ئێواران دەخوێنن دەکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوەکردەوە، بە فەرمانى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەو خێزانانەی دوو قوتابی یان زیاتریان لە سیستەمی خوێندنی پارالێڵ یان ئێواران دەخوێنن، لێخۆشبوون بۆ هەریەکەیان بەرێژەی 50٪ لە کرێی خوێندنەکەیان دەکرێت، بە هەمان شێوەی ساڵانی پێشوو.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، فەرمانی وەزاریی ژمارە 2661 لە 6ـی سەبارەت بە11ـی 2024، داشکاندنی کرێی خوێندن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی و بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە، بڕیاریاندا ئەم داشکاندنە لە بڕی پارەی داواکراو لەدوای داشکاندنی (45٪)ی کرێی خوێندن هەژمار دەکرێت.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم داشکاندنە سەرجەم قوتابییان خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا (دبلۆم، بەکالۆریۆس، دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆ حکومییەکان دەگرێتەوە و ئەم بڕیارە بۆ ساڵی خوێندنی (2025- 2026) جێبەجێ دەکرێت.