زیاتر لە 300 کۆچبەری دەستبەسەرکراو لە لیبیا و تونسەوە گەڕێندراونەتەوە
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی کورد لە دەرەوەی وڵات تا ئێستا نزیکەی 400 کەس گەڕێندراونەتەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 300 کۆچبەری دەستبەسەرکراوی لە لیبیا و تونس گەڕاندووەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.
کۆمەڵەی کۆچبەرانی گەڕاوەی ئەوروپا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە، ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە 300 کۆچبەر کردووە کە لە ساڵی 2025 لە لیبیا و تونس دەستبەسەرکرابوون.
بەکر عەلی, سەرۆکی کۆمەڵەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 319 کۆچبەر لە لیبیا و تونسەوە لە ڕێگەی وەزارەتی پەیوەندییەکانی دەرەوە گەڕێنراونەتەوە ناوچەکە.
کۆمەڵەی کۆچبەرانی گەڕاوەی ئەوروپا ڕوونیشیکردەوە، بەم دواییە 85 کەس لە تونسەوە گەڕێنراونەتەوە و 25 کۆچبەر لە لیبیا و 7 کۆچبەریش لە بولگاریا دەستبەسەرکرابوون.
بەکر عەلی داوای لە حکومەتی هەرێم کرد، کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرە دەستبەسەرکراوانە بۆ کوردستان بکات.
لیبیا، خاڵی ترانزێتێکی سەرەکییە بۆ کۆچکردنی نایاسایی بەرەو ئەوروپا، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا سەدان کۆچبەری عێراقی بەو وڵاتەدا تێپەڕیون.