پایتەخت

ئەمریکا دوای 33 ساڵ بە فەرمانی ترەمپ چەکی ئەتۆمی تاقیدەکاتەوە

ئەمریکا دوای 33 ساڵ بە فەرمانی ترەمپ چەکی ئەتۆمی تاقیدەکاتەوە
کورتە

ترەمپ لە ترسی ڕووسیا و چین داوای کرد تا زووە دەست بە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی بکرێت

سەرۆکی ئەمریکا داوای لە پەنتاگۆن کردووە بە زووترین کات دەست بە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی بکەنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، نووسیویەتی: "بەمەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگیی جیهانیی و لەسەر بنەمای بەرانبەریی هێز لەگەڵ ڕووسیا و چین، فەرمانم بە پەنتاگۆن داوە خێرا و بەبێ دواکەوتن تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکان دەست پێ بکەنەوە."

لە درێژەی پەیامەکەی ترەمپدا هاتووە، ئەمریکا لە هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان، زیاتر چەکی ئەتۆمیی هەیە، ئەم دەستکەوتەش بە نۆژەنکردنەوە و بەهێزکردنی چەکە ئەتۆمییەکان دەگرێتەوە، کە بەرهەمی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ئەوە.

سەرۆکی ئەمریکا جەختیش دەکاتەوە، کە بەهۆی هێزی زۆری لەناوبەری چەکی ئەتۆمی حەزی نەکردووە دەست بە تاقیکردنەوەی چەکەکە بکات، بەڵام هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەدەستدا نەبووە، ڕووسیا هێزی دووەمە و چین هێزی سێیەمە، لە 5 ساڵی داهاتوودا چینیش لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا یەکسان دەبێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ساڵی 1992 بە شێوەیەکی خۆبەخشانە، تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانی تا ئێستا ڕاگرتبوو.

30 تشرینی یەکەم 2025 14:00
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025