سەعید کاکەیی وەڵامێکی تووندی قوباد تاڵەبانی دایەوە
 
                
            
        لە وەڵامێکی تووندا سەعید کاکەیی بە قوباد تاڵەبانی دەڵێ تۆ پێشتر فیتەر بوویت
دوای ناوهێنانی نەوشیروان مستەفا لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە، سەعید کاکەیی وەڵامێکی تووندی دایەوە.
سەعید کاکەیی، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە وەڵامی ڕەخنە و تانەی قوباد تاڵەبانی لەدژی نەوشیروان مستەفا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وێنەیەکی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و پۆستێکی تووندی دژی ناوبراو بڵاو کردووەتەوە.
سەعید کاکەیی لە وەڵامدا ڕایگەیاندووە، ھێور باژۆ کاك قوباد، ھێواش بەرەوە قوربان! بەڕێزتان پێشتر فیتەر بوویت و چاك دەزانیت کە تیژڕەوی و زۆربڵێیی لە کاتی لێخوڕیندا تووشی کارەساتی نەخوازراو و تەنانەت دڵتەزێنیشت دەکات، ئەرێ بەڕاست، دێتە بیرت ئەو ڕۆژەی کە ئەم وێنەیەمان پێکەوە بۆ چرکێندرا چۆن لۆمەیی ڕەحمەتی باوکت دەکرد و دەتگووت باوکم بە قسەی ھەندێك لە دەوروبەرەکانی و لە بەرژەوەندی پارتی دڵی ڕەوانشاد کاك نەوشیروانی چەند جارێك ڕەنجاندووە؟ ئەرێ تۆ نەبووی بە منت گوت، ئەنجنیری (ئەندازیاری) ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 کاك نەوشیروان بوو؟ ئەرێ ھەر خۆت نەبوویت بە منت گوت، ئەگەر کاك نەوشیروان نەبوایە، ڕێککەوتنی واشنتۆنی ساڵی 1998 نێوان پارتی و یەکێتی لە بەرژەوەندی خۆمان سەری نەدەگرت؟
سەعید کاکەیی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئای زەمانەی بێوەفا؟ چۆن پۆست و پلە و پایە مرۆڤەکان دەگۆڕێت و ئەوی دوێنێ دەیانکرد و دەیانگوت، ئەوڕۆ بۆ فریودان و لەقاڵبدانی خەڵکی پێچەوانەکەی دەکەن! کاکی برا، تۆیەك کە لە ئامێزی باپیرەدا گەورە بوویت و ئەو ئێستا لە ژیاندا نەماوە ئامۆژگاریت بکات چۆن نەکەویتە داوی پارتی و بارزانییەکانەوە، وە جگە لە جانتاھەڵگری بنەماڵەی بارزانی، ھاتوویت و پەلاماری مێژووی پاکترین و جوامێرترین نیشتمانپەروەری گەلەکەت دەدەیت کە ھێندەی چیای قەندیل بەرز و پیرۆزە لەلای کوردپەروەراندا.
لە کۆتاییشدا ڕایگەیاندووە، بۆیە تکایە کاك قوباد ھێور باژۆ و لەو ھەڵە گەورەیەت پەشیمان ببەرەوە. ئەگینا وەك زۆرێك لە ناحەزانی ڕەوانشاد کاکە نەوە سەری خۆت و ھاوڕێکانت دەدەیت لە بەرد.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        