لێژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمانی عێراق سوودانی بە کەمتەرخەم ناودەبات
 
                
            
        لەبەرامبەر چارەسەرنەکردنی کێشەی کەم ئاوی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمانی عێراق سوودانی تۆمەتبار دەکات
لەبارەی چارەسەرنەکردنی قەیرانی ئاو لە عێراق، کۆمەڵێک ڕەخنە ڕووبەڕووی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بووەتەوە.
قەیرانی ئاو لە عێراق تەنگی بە خەڵک و حکومەت هەڵچنیوە و زۆربەی خەڵک و لایەن و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە حکومەتی عێراق و لە سەرووی هەمووانەوە، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە کەمتەرخەمە و بایەخێکی ئەوتۆی پێنادات.
لەمبارەیەوە سائیر موخیف ئەندام لە لێژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمانی عێراق بە تووندترین شێوە ڕەخنەی لە سوودانی گرتووە و ڕایگەیاندووە، بەغدا سەرجەم بەڵێنەکانی خۆی بۆ تورکیا بردووەتە سەر، بەڵام لە بەرامبەردا ئەنقەرە پشکی ئاوی عێراقی زیاد نەکردووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان.
ئەو ئەندامەی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەکات، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەماوە کە لەگەڵ تورکیا نەکرێت، بەڵام وڵاتەکە خەریکە لە بێ ئاوی و قەیرانی ئاودا دەخنکێت، کەچی حکومەت هیچ خەمێک بۆ ئەم گرفتە ناخوات و سەرۆکوەزیرانەکەشی بێدەنگتر و کەمتەرخەمتر لە هەمووانە، ئەنقەرە سەرەڕای جێبەجێکردنی هەموو بەڵێنەکان لەلایەن عێراقە، تاوەکو ئێستا ڕێککەوتنەکەی خۆی جێبەجێ نەکردووە.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        