لە عێراق کارتێکی دەنگدان بە 500 هەزار دینار دەفرۆشرێت
 
                
            
        سەرەڕای ئەوەی لە عێراق فرۆشتن و کڕینی کارتی دەنگدان حەرام کراوە، بەڵام ئەم دیاردەیە ڕوو لە زیادبوون دەکات
کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان لە عێراق بازاڕی ڕەشی ئەو وڵاتەی گەرمتر کردووە و پەرلەمانتارێکیش ئاماژە بەوە دەکات، کە کارتێکی دەنگدان بە 500 هەزار دینارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆمەڵێک کار و هەوڵی نایاسایی لە عێراق ڕوویان لە زیادبوونەوە و لەوانەش مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان، کە هاواری لە لایەنە عێراقییەکان هەستاندووە، هەر بەو هۆیەوە پەرلەمانتارێک ئاشکرای کردووە، کە لە بازاڕەکانی عێراق بە بڕی 500 هەزار دینار مامەڵە بە کارتی دەنگدانەوە دەکرێت و بووەتەهۆی دروستبوونی چەندین کێشە و ئاستەنگ لەبەردەم بەربژێر و لایەنەکاندا.
ئەحمەد ئەلجبووری پەرلەمانتار و هاوکات نوێنەری پارێزگای نەینەوایە لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای کردووە، ئێستا گەرمترین کاتی بازاڕی ڕەشی عێراقە و مامەڵە کردن بە کارتی دەنگدان سەرەکیترینە، ئەم هەوڵانە زیاتر لە شاری موسڵ ڕوو دەدات و نرخی هەر کارتێکی دەنگدان کە بۆ ساختەکاری بەکاردەهێنرێت گەیشتووەتە 500 هەزار دینار.
ئەحمەد جبووری ناوی هیچ کەس و لایەنێکی ئاشکرا نەکردووە کە مامەڵە بە کارتی دەنگدانەوە بکەن، بەڵام ڕایگەیاندووە، هەندێک لە لایەنەکان بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر کارتەکان دەکڕن، بەڵام چەند لایەنێکی دیکەش لەدژی ڕکابەرەکانیان کارەتاکان دەکڕن و بەمشێوەیە ناهێڵن ڕکابەرەکانیان دەنگی زیاتر کۆبکەنەوە، پارێزگای نەینەواش یەک لەو شوێنانەیە کە ئەم کارەی تێدا دەکرێت.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        