مۆساد تۆڕێکی نهێنی سوپای پاسدارانی لە ژمارەیەک وڵاتی جیهان ئاشكرا کرد
 
                
            
        مۆساد سوپای پاسداران بە هەوڵی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆرستی لە جیهان تۆمەتبار دەکات
ئیسرائیل توانی تۆڕێکی نهێنی سوپای پاسداران هەڵبووەشێنێتەوە، کە هەوڵی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆرستی لە ئەوروپا و ئوسترالیا داوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، مۆساد توانیویەتی بەرپرسێکی باڵای ئێران دەستگیر بکەن، کە دەستی هەبووە لە پلانێکی سەرنەکەوتووی تیرۆرستی بۆ سەر ئەوروپا و ئوسترالیا.
بەگوێرەی ئەم سەرچاوە ئیسرائیلییە، دوای هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر کەرتی غەززە، ئێران لەلایەن تۆڕێكی نهێنییەوە، کە لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودس کاریان کردووە، هەوڵیان داوە کەسانی ئیسرائیلی و جووەکان لە جیهان بکەنە ئامانج، بەڵام هەوڵەکان لە هەر یەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا، یۆنان و ئوسترالیا لەلایەن دەزگای هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئیسرائیل - مۆساد پووچەڵکراونەتەوە.
ئەو کەسەی دەستگیرکراوە و  بەرپرسە لەم پیلانە تیرۆرستیانە، ناوی "سەردار عەمار"ـە و ئەفسەرێکی باڵای سوپای پاسدارانە.
بۆ نموونە، لە مانگی 6ـی ڕابردووی ئەمساڵ داواکاری گشتی ئەڵمانیا پیاوێکی دانیمارکیان دەستگیرکرد، کە هەوڵی سیخوڕیکردن بەسەر دامەزراوە، وێبسایتی ئیسرائیلی و کەسانی جوو دەکرد، کە ڕاستەوخۆ بۆ دەزگای هەواڵگری ئێران کاری دەکرد.
هاوکات لە مانگی ئابی 2025، حکومەتی ئوسترالیا باڵیۆزی ئێرانی، ئەحمەد سادقی، لە وڵاتەکەی دەرکرد و هەنگاوی ناوە بۆ ناساندنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، ئەمەش دوای ئەوەی دەزگای هەواڵگری ئوسترالیا پەیوەندی لەنێوان تاران و هێرشە ئاگرتێبەردانەکانی سەر پەرستگایەکی جووەکان لە مێلبۆرن و چێشتخانەیەک لە سیدنی دۆزییەوە.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        