ئەمریکا کارنامەی خۆی بەسەر عێراقدا ناسەپێنێت
 
                
            
        مارك ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق: ئەمریکا پابەندە بە پاڵپشتی عێراقێکی یەکپارچە و یەکگرتوو و سەرۆک ترەمپ دەیەوێت عێراق وڵاتێك بێت توانای هەبێت بڕیارە سەروەرییەكانی خۆی بدات.
نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق ئامانجی ئەوەیە دووبارە عێراق مەزن بکاتەوە.
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی "Chaldean Press" ڕایگەیاند، ئەمریکا کارنامەی خۆی بەسەر عێراقدا ناسەپێنێت، بەڵکو ئەمریکا پابەندە بە پاڵپشتی عێراقێکی یەکپارچە و یەکگرتوو و سەرۆک ترەمپ دەیەوێت عێراق وڵاتێك بێت توانای هەبێت بڕیارە سەروەرییەكانی خۆی بدات.
ساڤایا جەختی کردەوە، عێراق خاوەنی توانایەکی بێشوماری مرۆیی و ئابورییە، ئەگەر بەشێوەیەکی دروست وەبەرهێنان بکرێت، دەبێتە ناوەندێکی هەرێمایەتی بۆ گەشەپێدان و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
 نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئامانجیان کارکردنە لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەکان (سیاسی، ئایینی و ئابووری) بۆ زامنكردنی عێراقێکی سەقامگیر و ئاوەدان کە بتوانێت هاوبەشێکی راستەقینە بێت بۆ ئەمریکا، دوور لە ململانێکانی ناوچەکە، دەیانوێت جارێكی تر عێراق مەزن بکاتەوە.
ئەمە لە کاتێكدایە یەکشەممەی ڕابردوو 19-10-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مارک ساڤایای وەک نێردەی تایبەتی بۆ عێراق دەستنیشان کرد، بەمەش ساڤایا بە سێیەم نێردەی ئەمریکی بۆ عێراق دادەنرێت، دوای پۆل بریمەر لە ساڵی 2003 و بریت ماکگۆرک لە ساڵی 2014 لە قۆناغی شەڕی دژی داعشدا.
مارک ساڤایا کە لە ناو بازنەی حکومەتدا نییە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی عێراقە، هاوکات بازرگانێکی بەناوبانگی ماددەی هۆشبەری جۆری ماریجوانایا لە ویلایەتی میشیگنی ئەمریکا، بنەچەی دەگەڕێتەوە بۆ کلدانەکانی عێراق و لە بواری پیشەسازی گژوگیادا کاری کردووە و لە هەڵمەتەکانی ساڵی 2024ـی ترەمپدا بۆنە و چالاکیی ڕێکخستووە کە پاڵپشتی لە کۆمەڵگەی عەرەبی - ئەمریکی و کلدانی لە ویلایەتەکەی بۆ ترەمپ کۆکردووەتەوە.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        