بۆ یەکەمجار لە مێژووی ژاپۆندا ژنێک کرا بە سەرۆکوەزیران
لەلایەن پەرلەمانەوە ژنێک وەک یەکەم سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە مێژووی وڵاتەکە هەڵبژێردرا
بۆ یەکەمجار لە مێژووی ژاپۆندا ژنێک بە بەدەستهێنانی 237 دەنگی پەرلەمان کرا بە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە.
ئەمڕۆ سێشەممە ڕۆژنامەی ژاپۆن تایمز بڵاویکردووەتەوە، سانای تاکایچی 64 ساڵان، سەرۆکی پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی دەسەڵاتدار (LDP، بە بەدەستهێنانی 237 دەنگ بۆ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە هەڵبژێردرا و لە بەرامبەریشدا یۆشیهیکۆ نۆدا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی دەستووری 149 دەنگی بە دەست هێنا.
سانای تاکایچی دەبێتە یەکەم ژن لە مێژووی ژاپۆندا کە پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت و لایەنگری سیستمی پاشایەتیی ژاپۆنە، هاوکات لە نێوخۆ دەبێ رووبەڕووی تێچووی زۆری ژیانی رۆژانە ببێتەوە، لە دەرەوەش، خۆی لە بڕیارە کتوپڕەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ باج خستنە سەر کاڵاکانیان رزگار بکات، بەتایبەت کە هەفتەی داهاتوو یەکدی دەبینن.
ئەمە لە کاتێكدایە، پێشووتر لە تەممووزی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران ئەنجام درا و پارتی لیبڕاڵ دیموکرات زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستدا، شیگیرو ئیشیبای، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن دەستی لە پۆستەکەی و سەرۆکایەتیی گشتی پارتەکەی کێشایەوە و سانای تاکایچی، کە لە چەندین کابینەکەدا وەزیری ئاسایشی ئابووری بوو، بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا.
هەندێك لە بیر و باوەڕەکانی سانای تاکایچی ئەمانەن: دژی هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازییە و پشتگیری نەهێشنی مافی هەبوونی پاشناو (ناوی خێزان)ـی جیاواز لە نێوان ژن و مێرد دەکات، دەیەوێت ناوی خێزانی ژن بچێتە سەر ناوی خێزانی مێردەکەی.
هاوکات یەکەم کاری تاکائیچی ئەوەیە کە سەرنج بخاتە سەر تووڕەیی رای گشتی لەبەرانبەر بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی نرخەکاندا، بۆ نموونە، کەمیی برنج بووەتە هۆی رێکۆردی بەرزترین نرخ بۆ خۆراکی سەرەکیی ژاپۆن، پێشووتریش لە 22-5-2025 تاکۆ ئیتۆ، وەزیری کشتوکاڵی ژاپۆن بەهۆی لێدوانێكی لەسەر برنج: "من هەرگیز برنجم نەکڕیەوە، چونکە لایەنگرەکانم بە دیاریی پێمی دەدەن، هێندە برنجم هەیە، دەتوانم بیفۆرشمەوە"، تووشی ڕەخنەیەکی تووند هاتەوە و داوای لێووردنی کرد و دەستی لە کار کێشایەوە.