ترەمپ بازرگانێکی عێراقیی ماددەی هۆشبەری بە نوێنەری خۆی بۆ کاروباری عێراق دەستنیشان کرد

ترەمپ بازرگانێکی عێراقیی ماددەی هۆشبەری بە ناوی مارک ساڤایای بۆ کاروباری عێراق دەستنیشان کرد
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کەسێکی بە ڕەچەڵەک عێراقی کە بازرگانی ماددەیەکی هۆشبەرە، بە نوێنەری خۆی بۆ کاروباری عێراق دەستنیشان کرد.
لەنێوان لایەنگرە سەرسەختەکانیدا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ئەمجارە کەسێکی بە نوێنەری خۆی بۆ کاروباری عێراق دەستنیشان کردووە، کە لە ناو بازنەی حکومەتدا نییە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی عێراقە، هاوکات بازرگانێکی بەناوبانگی ماددەی هۆشبەری جۆری ماریجوانایا.
ئەو کەسەی ترەمپ بە نوێنەری خۆی بۆ کاروباری عێراق دیاریی کردووە، ناوی مارک ساڤایایە، ڕەچەڵەکی عێراقی و کلدانییە، مارک بازرگانی گەورەی ماددەی هۆشبەری ماریجوانایە و بۆ دەرمانی پزیشکی بازرگانی بەو ماددەیەوە دەکات، ساڤایا تاوەکو ئێستا پلە و پۆست یان بەرپرسیارێتییەکی حکومیی لە کابینەی ترەمپ و کابینەکانی پێشووشدا نەبووە.
لەئێستادا مارک ساڤایا لەلایەن ترەمپەوە بە نوێنەری تایبەتیی ئەو بۆ کاروباری عێراق دەستنیشان کراوە و سەرۆکی ئەمریکا، دەستبەکاربوونی مارک ساڤایای بە فەرمی ڕاگەیاندووە.