پەرلەمانی پۆرتوگال پرۆژەیاسای قەدەغەکردنی نیقابی پەسەند کرد

لە پۆرتوگال هەر ژنێک نیقاب لە شوێنە گشتییەکان بپۆشێت سزای دارایی دەدرێت
پەرلەمانی پۆرتوگال پرۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە داپۆشینی ڕووخسار لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغە دەکات.
پێگەی ئەسۆسیەت پرێس بڵاوکردەوە، پەرلەمانی پۆرتوگال لە دەنگدانێکی سەرەتاییدا یاسای قەدەغەکردنی پۆشینی نیقابی لە شوێنە گشتییەکانی وڵاتەکە پەسەند کرد، بەمەش ئافرەتان تەنیا دەتوانن لە شوێنی دیپلۆماسییەکان، نێو فڕۆکە و شوێنە ئاینیەکان نیقاب بپۆشن.
ئەم یاسایە لەلایەن حزبی ڕاستڕەوی (شێگا)ـی وڵاتەکە پێشکەش کرابوو، کە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ڕابردوودا بووە دووەم گەورەترین هێزی سیاسی لە وڵاتەکەدا، بە گوێرەی پڕۆژە یاسایەکە، هەر ئافرەتێک لە شوێنە گشتییەکان (نیقاب) بپۆشێت یان تەواوی جەستەی داپۆشێت جگە لە چاوەکانی، ئەوا بە 234 تا 4669 هەزار دۆلار سزا دەدرێت.
پارتی شێگا جەخت دەکاتەوە، کە ئامانجی پرۆژەیاساکە بۆ "پاراستنی ماف و کەرامەتی ژنان" و "ڕێگریکردن لە گۆشەگیری و کەمکردنەوەی پێگەیان" پێشکەش کردووە، هاوکات ئەندریا نێتۆ، پەرلەمانتار لە پارتی سۆسیال دیموکراتی دەسەڵاتدار ڕایگەیاند: "ئەمە پرسێکی پەیوەستە بە یەکسانیی نێوان ژن و پیاوەوە، نابێت هیچ ژنێک ناچار بکرێت ڕووخساری دابپۆشێت".
بۆ ئەوەی پرۆژەیاساکە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، پێویستە سەرۆکی پۆرتوگال، مارسێلۆ ڕیبێلۆ دی سۆسا واژۆی لەسەر بکات، هاوکات سەرۆک دەسەڵاتی ئەوەشی هەیە، کە ڤیتۆی ئەم یاسایە بکات یان بۆ پێداچوونەوە بینێرێت بۆ دادگای دەستووری.