هاندەرانی بەرسێلۆنا دەنگم پێ نەدەن

بەربژێرێکی عێراق بەڵێن دەدات ئەگەر ببێتە پەرلەمانتار، ژن بۆ 30 گەنجی هاندەری ریاڵ مەدرید دەهێنێت
بەربژێرێکی پەرلەمانی عێراق بڕیاری داوە لە یەکەم رۆژی کارکردنی لە پەرلەمان بە جلی ریاڵ مەدریدەوە ئامادە بێت.
مەروە حامد عیساوی، یەکێکە لە بەربژێرانی هاوپەیمانیی سیادە لەپارێزگای سەڵاحەدین لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاند، نامەوێت هاندەرانی یانەی بەرسێلۆنا دەنگم پێبدەن و دەنگی ئەوانم ناوێت، ناشمەوێت بەدەنگی ئەوان بچمە پەرلەمان.
ناوبراو بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، گەنجێکی هاندەری بارسێلۆنا سەردانی کرد و لە نووسینگەکەی پێ گوت، تۆ هاندەری ریاڵ مەدریدی و ببە هاندەری بارسێلۆنا بۆ ئەوەی دەنگت پێبدەین، مەروە حامدیش پێ گوتووە: "پێویستم بەوە نییە هیچ هاندەرێکی بارسێلۆنا دەنگم پێبدات، ئەوەم لە هەژمارەکەی خۆم لە فەیسبووکیش دا بڵاوکردەوە."
مەروە حامد عیساوی بڕیاری داوە لە یەکەم رۆژی کارکردنی لە پەرلەمان بە جلی ریاڵ مەدریدەوە ئامادە بێت و بەڵێنی ئەوەشی دا، ئەگەر ببێتە پەرلەمانتار، ژن بۆ 30 گەنجی هاندەری ریاڵ مەدرید دەهێنێت.
قسەکانی مەروە حامد عیساوی ناڕەزایی و تووڕەیی هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکەی لێکەوتەوە، لەبەرامبەردا لەلایەن هاندەرانی یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە پێشوازیی لێکرا.