پایتەخت

بەشەخۆراکی مانگانە دەبڕدرێت

بەشەخۆراکی مانگانە دەبڕدرێت
کورتە

ئەو کەسانەی مووچەکانیان بەرزە بەشەخۆراکی مانگانەیان دەبڕدرێت

وەزارەتی بازرگانی عێراق لە پێناو بەرژەوەندی هەژاران، بڕیاریدا بە ڕاگرتنی بەشەخۆراکی مانگانەی ئەو کەسانەی مووچەکانیان بەرزە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەسیر غەریری، وەزیری بازرگانی عێراق ئاشکرای دەکات، بڕیاری ڕاگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە مووچەیان زیاتر لە ملیۆن و نیوێک دیناری عێراقییە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی وەزیری بازرگانی عێراق هاتووە، دەبێت هەندێک مووچەخۆری وەک ئەفسەری باڵا، بازرگان، وەبەرهێنەران و خاوەن کۆمپانیاکان، کە هیچ پاساوێکیان نییە بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراک بەشە خۆراکیان نەمێنێت چونکە بۆ هەژاران دانراوە.

بەگووتەی وەزیری بازرگانی عێراق، پێشتر ڕاگرتنەکە بۆ ئەو کەسانە بوو کە مووچەکانیان دوو ملیۆن و زیاتر بووە بەهۆی گۆڕانکاری لە بەهای دراوی عێراقیی، بەڵام ئێستا جارێکیتر دەگەڕێنینەوە بۆ ملیۆن و نیوەکەی پێشوو.

ئەسیر غەریری ڕاشیگەیاند، دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە بەردەوام دەبێت، بەسەر ئەو کەسانەی داهاتیان کەمە و مافی خۆیانە ئەوەش وا دەکات بەشەخۆراک لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە باشتر ببێت.

16 تشرینی یەکەم 2025 16:08
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025