ئامۆزایەکی دیکەی بەشار ئەسەد دەستگیر کرا

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا بەردەوامن لە دەستگیرکردنی کەسە نزیکەکانی پێشووی بەشار ئەسەد
لەڕێگەی بۆسەیەکی پلان بۆ داڕێژراو ئاسایشی ناوخۆی سووریا ئامۆزایەکی بەشار ئەسەدیان دەستگیرکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) ڕایگەیاند، ئاسایشی ناوخۆی سووریا توانیان (نومەیر بەدیع ئەسەد)، ئامۆزای بەشار ئەسەد لەگەڵ چەند ئەندامێکی باندی تاوانکاریی لە لادێکانی لازقیە دەستگیر بکەن.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (نومەیر بەدیع ئەسەد) بە یەكێک لە دیارترین بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە سووریا دادەندرێت و لە چەندین تاوانی جیاوازدا تێوەگلاوە، کە لە سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕوویانداوە.
ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن هێزێکی تایبەتی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ناوخۆ ئەنجامدراوە، لەڕێگەی بۆسەیەکی پلان بۆ داڕێژراو کە ئەنجامەکەی دەستگیرکردنی ئامۆزاکەی ئەسەد بووە.
پێشووتریش 21-6-2025 هێزەکانی ئاسایشی سووریا، وەسیم ئەسەد، ئامۆزایەکی دیکەی بەشار ئەسەدیان دەستگیر کرد، کە لە 2023 لەلایەن ئەمریکاوە بە دۆسیەی بازرگانی ماددەی هۆشبەر و بەرێوەبردنی نیمچە هێزێکی سەربازی بۆ پاڵپشتیکردنی بەشار ئەسەد تۆمەتبار کرابوو.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت و رژێمی بەشار ئەسەدیان ڕووخا، دواتر ئەسەد و خێزانەکەی هەڵاتن بۆ مۆسکۆ و تا ئێستاش لەوێ نیشتەجێن.