لە ئەمڕۆوە دەست بە دابەشکردنی 15 ملیاری گەنمی جووتیاران دەکرێت

لە ئەمڕۆوە دەست بە دابەشکردنی ئەو پارەیە دەکرێت کە بەغدا وەک شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ناردوویەتی
زیاتر لە 15 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیاران خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، بڕی 15 ملیار و 500 ملیۆن دینار وەک شایستەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2025 خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی، 6 ملیار دینار بۆ جووتیارانی سلێمانی، 5 ملیار دینار بۆ هەولێر و 4 ملیار و 500 ملیۆن دیناریش بۆ دهۆکە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بازرگانی هەرێم، لە ئەمڕۆوە لە هەولێر دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکرێت و هەفتەی داهاتووش لە سلێمانی و دهۆک دەست پێدەکات.
وەزارەتی بازرگانی جەخت دەکاتەوە، بەپێی ڕۆژی ڕادەستکردنی گەنمەکانیان بۆ ئەو جووتیارانەی لە یەک تۆن هەتا 50 تۆنیان لێ وەرگیراوە شایستەکان وەردەگرن، پاشان ئەوانەی بڕی زیاتریان ڕادەست کردووە وەریدەگرن