پایتەخت

وەزارەتی دارایی ڕاسپێردرا بۆ ناردنی 120 ملیار دینار بۆ بەغدا

وەزارەتی دارایی ڕاسپێردرا بۆ ناردنی 120 ملیار دینار بۆ بەغدا
کورتە

ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ڕەوانەکردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەشی گەنجینەی فیدراڵ وەزارەتی دارایی ڕاسپارد

ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ڕەوانەکردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەشی گەنجینەی فیدراڵ وەزارەتی دارایی ڕاسپارد، تاوەکو هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچە نەمێنێتەوە.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، وردەکاریی بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێم لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری خرایەڕوو کە ئەنجوومەنی وەزیران لە پێناوی دابینکردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و زامنکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاری پەسەند کرد.

 

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکە هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنیان، لە ناویشیاندا جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی و پێدانی پێشینە بەم بابەتە لە پێش هەموو خەرجییەکان.

 

جێگەی باسە، ناردنی داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ ئەوەیە کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ هیچ شتێک نەکاتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچەی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەکانی دواتریش، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا مووچەی مانگەکانی 8 و 9ـیان هێشتا وەرنەگرتووە.

15 تشرینی یەکەم 2025 16:26
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025