ئەو کچە 11 ساڵانەی بەزۆر بەشوو درابوو خرایە بەر خوێندنی زانکۆ

ئەو کچە 11 ساڵانەی بەزۆر بەشوو درابوو لە مێردەکەی سەندرایەوە و خرایە بەر خوێندنی زانکۆ
کچێکی خەڵکی پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ئەوەی لە تەمەنی منداڵیدا بە زۆر بە شوودرابوو، توانرا بخرێتەوە بەر خوێندن و بچێتە زانکۆ.
پێشووتر لە ساڵی 2018، ئەندامانی رێکخراوی خێرخوازی (ئیام عەلی) لە کاتی سەردانێکیاندا بۆ گوندێکی سەر بە شاری هولەیلان لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەوە ئاشنابوون کە کچێکی 11 ساڵان بە ناوی (ڕەها) بە زۆر بە پیاوێكی 44 ساڵان بەشوو دراوە، هاوسەرگیرییەکە چەند مانگێک بەر لە سەردانەکەی رێکخراوی خێرخوازی (ئیام عەلی) لە پایزی 2017 ئەنجام درابوو، کە کاریگەری دەروونی زۆر خراپی لەسەر ڕەها دروست کردبوو.
دوای سەردانەکەی رێکخراوی خێرخوازی (ئیام عەلی) و لێکۆڵینەوەیان لە بابەتەکە، بۆیان دەرکەوتووە کە کەسوکاری (ڕەها) بە بڕی 15 ملیۆن تمەن کچەکەیان بە مێردەکەی فرۆشتووە، دواتر داواکاری گشتی ئیلام دۆسیەی دادوەری بۆ بۆ دایک و باوکی (ڕەها) دەکاتەوە و دەتوانرێت کچەکە لە مێردکەی بستێندرێتەوە و بخرێتە ژێر چاودێری رێکخراوی (بێهزیستی).
بە گوتەی عەلی موسانژاد، چالاکوانێکی خەڵکی ئیلام، دواجار بە هاوکاری کەسانی خێرخواز توانرا (ڕەها) دەست بە خوێندنەوە بکات و ئەمساڵ تاقیکردنەوەی زانکۆی کرد و نمرەیەکی بەرزی بەدەستهێنا و لە زانکۆ وەگیرا.