ئەمڕۆ سوودانی بڕیار لە ناردنی مووچە دەدات

ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرسی خەرجکردنی مووچەی مانگی 8 یەکلا دەبێتەوە
بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 8 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سوودانی بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکرێت محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 8 بسپێرێت، ئەمەش پێویستی بە خستنە دەنگدان نابێت، تەنیا ڕاسپاردنە.
پێشووتر د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاندبوو، سوودانی بەڵێنی داوە ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی 8ـی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات، هاوکات دوای خەرجکردنی مووچە، ڕاستەوخۆ 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی هەرێم وەکو پشکی خەزێنەی فیدڕاڵی بۆ بەغدا دەنێردرێت.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هەرێم بۆ گەرەنتیکردنی مووچە، ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغدا بۆ مووچەی هەر سێ مانگی 7، 8 و 9 کردووە و 120 ملیار دینار دەنێرێت، بۆ مانگەکانی داهاتووش چاوەڕوان دەکرێت کۆبووەنەوەی نوێ لە نێوان شاندی هەرێم و بەغدا بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی مووچە ئەنجام بدرێت.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێستا کار لەسەر لیستی مووچەی مانگی 10 و ڕێکارەکانی بە سیستمی پەیڕۆڵ دەکرێت، چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ بەغدا بنێرێت، یەکە ژمێریارییەکان ئاگادارکراونەتەوە، ئێستا سیستەم کراوەتەوە، دەتوانن لیستی مووچەی مانگی 10 بۆ گەنجینەکان بنێرن.