ماددە خۆراکییەکانی بەشەخۆراک زیاد دەکرێت و کوالێتییەکەشیان بەرز دەکرێتەوە

لەمەودوا پسوولەی خۆراک تەنیا وەک ئامرازێک نەمێنێتەوە بۆ دابینکردنی خۆراک، بەڵکو بەشدار دەبێت لە بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراکیدا
لەسەر گلەییکردنی هاووڵاتییان وەزارەتی بازرگانی عێراق کوالێتی ماددە خۆراکییەکان بەرز دەکاتەوە.
لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەی "سەباح"، محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەت لە ڕێگەی پلانێکەوە هەوڵ دەدات پشتیوانی لە پێکهاتەکانی پسوولەی خۆراک بکات و کوالێتی ماددە خۆراکییەکان باشتر بکات، بۆ ئەم مەبەستەش، حکومەت بڕی سێ بۆ پێنج تریلیۆن دیناری لە چوارچێوەی بودجەی سێ ساڵیدا بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق جەختی کردەوە، کە کوالێتی ماددە خۆراکییەکان بەشێوەیەک بەرز دەکەنەوە، کە هیچ بارگرانییەک لەسەر بودجەی گشتی دروست نەکات، لەگەڵ تیشک خستنەسەر بەدیهێنانی خوددابینکردن لە ڕێگەی بەهێزکردنی تواناکانی بەرهەمهێنان و کۆگاکردن و دابینکردنی ماددەکان لە ناوخۆدا بە ئەندازەی توانا.
لە درێژەی قسەکانیدا محەممەد حەنوون گووتی: مانگانە هاونیشتمانیان لە هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی عێراق بە گشتی لە ڕێگەی بریکارەکانی خۆراک و ئاردەوە بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرن، بەڵام زۆرجار خەڵک گلەیی لە کوالێتی نزمی ماددە خۆراکییەکان و جۆری ماددە خۆراکییەکان هەیە، ئامانجیشیان لە بەرزکردنەوەی کوالیتی ماددە خۆراکییەکان ئەوەیە، تا پسوولەی خۆراک تەنیا وەک ئامرازێک نەمێنێتەوە بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ هاووڵاتییان، بەڵکو ببێتە پڕۆژەیەکی ئابووریی یەکگرتوو کە بەشدار بێت لە بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراکیدا.