دابەشکردنی نەوت بەسەر هاووڵاتییاندا دەستیپێکرد

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم یەکەم قۆناغی دابەشکردنی نەوتی ماڵانی ڕاگەیاند
وەکو هەنگاوی یەکەم، دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاویەکانی پارێزگاکانی کوردستان دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕایگەیاند، لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە ڕێگەی لێژنەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ زستانی ئەم ساڵە (2025 -2026) بەسەر هاووڵاتییان ڕادەگەینێت.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆ هەر خێزانێک بە بڕی 200 لیتر وەکو هەنگاوی یەکەمی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی (سۆران، ڕاپەڕێن، گەرمیان و زاخۆ ) دەست پێدەکات.
جێی باسە ئەو 200 لیترە نەوتەی بە هەر خێزانێک دەدرێت نرخەکەی بە 103 هەزار و 500 دینار دیاری کراوە.