کارمەندەکەی پۆلیسی کەرکووک بە هەڵە کوژراوە

کارمەندێکی پۆلیسی کەرکووک لەلایەن هاوڕێیەکی خۆیەوە بە هەڵە بە فیشەکێک کوژرا
لە کەرکووک کارمەندێکی پۆلیس لەلایەن هاوڕێیەکی خۆیەوە کوژرا، بەڵام دەرکەوت کە ڕووداوەکە بە هەڵە ڕوویداوە.
دوێنێ شەو میدیاکانی کەرکووک بڵاویان کردەوە، لە گەڕەکی ئیمام قاسمی شارەکە کارمەندێکی پۆلیس فیشەکێکی بەرکەوت و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە و لەکاتی نەشتەرگەریدا گیانی لەدەستدا.
سەرەتا هەواڵەکە وا بڵاوبوویەوە، کە ڕووداوەکە تاوانێکی رێکخراو بۆ کوشتنی کارمەندەکەی پۆلیس بووە، کە گوایە بکوژەکان 3 کەس بوونە و دەستگیرکراون، بەڵام دەرکەوتووە کە ڕووداوەکە بە هەڵە ڕوویداوە و چەند کەسێک لە ماڵی هاوڕێیەکیان بوونە، یەکێکیان لە کاتی دەستکاریکردنی دەمانچەیەک بەهەڵە فیشەک لەدەستی دەرەچێت و بەر سینگی هاوڕێکەی دەکەوێت، کە کارمەندێکی پۆلیس بووە.
دوای ئەم ڕووداوە هاوڕێکانی کارمەندەکەی پۆلیس خۆیان رادەستی پۆلیس دەکەن و چیرۆکەکە بەم شێوەیە دەگێڕنەوە کە لەم هەواڵەدا خراوەتەڕوو.
لە ئێستادا ئەوەی فیشەکەکە لەدەستی دەرچووە و ئەوەشی خاوەن دەمانچەکەیە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.