مەزڵووم عەبدی: هەسەدە دەبێتە بەشێک لە سوپای سووریا

لە رۆژانی داهاتوودا بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە و سوپای سووریا شاندی هەسەدە سەردانی دیمەشق دەکات
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات جەختی لە یەکخستنی هێزەکانیان لەگەڵ سوپای سووریا کردەوە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، "لە 10ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی هێزەکانمان، بە رێزەوە یادی قوربانییانی شەهیدەکانمان دەکەینەوە و پاڵپشتی گەلەکەمان بەرز ڕادەگرین، کە لە یەک دەیەی رابردوودا هاوخەباتمان بوون."
مەزڵووم عەبدی جەختیشی کردەوە، کە بەم نزیکانە لێژنە سەربازییەکەیان سەردانی دیمەشق دەکات و پرسی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سووریا تاوتوێ دەکەن، هاوکات لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، بەردەوام دەبن لە شەڕی دژی داعش لە سەرانسەری سووریادا.
لەلایەکی دیکەوە مەرهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا، دوای دیدارێکی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لە دیمەشق، ئاگربەستی دەستبەجێی لە سەرجەم هێڵەکانی بەرەی جەنگ لەگەڵ هەسەدە لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاند.
پێشتر و لە دوای ڕێککەوتنی 10ـی ئادار، دیمەشق و ئیدارەی خۆسەر لێژنەی هاوبەشیان بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە پێکهێنابوو، کە گرنگترینیان "یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان" و "داننان بە مافەکانی کورد لە دەستووردا" بوو، بەڵام دانوستانەکان ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێک ببوونەوە، لەوانە ئیدارەی خۆسەر پێداگیریی لەسەر پاراستنی تایبەتمەندییەکانی خۆی دەکرد، دیمەشق پێداگریی لەسەر سیستمی دەوڵەتی ناوەندیی دەکرد، لە کاتێکدا ئیدارەی خۆسەر داوای لامەرکەزییەتی دەکرد.