پێویستە وەزیرە کوردەکان فشار لە سوودانی بکەن بۆ ناردنی مووچە

بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی 8 و 9 بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق داوایەک لە وەزیرە کوردەکان دەکات
بریکارێکی پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق، چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 8 و 9ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و داوایەکی گرنگ ئاراستەی وەزیرە کوردەکان دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، لە دوای ڕێککەوتنەکەی نێوان عێراق و هەرێم، سوودانی جەختی لەوەکردووەتەوە کە پێویست ناکات باسی مووچە بکەن چونکە ڕێڕەوی خۆی وەرگرتووە، سوودانی مەبەستییەتی 3 مووچەی مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵ لەگەڵ خۆیان بۆ هەرێمی کوردستانیش بنێرێت نەک مووچەی مانگەکانی 8 و 9.
بەگووتەی د. فازڵ نەبی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە کە مووچەی مانگی 8 خەرج بکات بەڵام وادەکەی دیار نییە و بۆیە پێویستە وەزیرە کوردەکان فشار لە سوودانی بکەن بۆ ناردنی مووچە.
ئەو بریکارەی پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە، بۆنی خۆش لە بەڵێنەکەی سوودانی ناکات، هەر بۆیە ڕای وایە وەزیرە کوردەکان چاودێریی بەڵێنەکەی سوودانی بکەن.