بێ بەرامبەر نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ و حەوز بۆ خەڵک دەکرێت

لە پێناو کەمکردنەوەی بارگرانی هاووڵاتییان بێ بەرامبەر نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ و جومگەی حەوز ئەنجام دەدرێت
لە پێناو کەمکردنەوەی بارگرانی هاووڵاتییان حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، بێ بەرامبەر نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ و جومگەی حەوز ئەنجام بدات.
ئەمڕۆ دووشەممە د. کامەران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دەیانەوێت لە ڕێگەی پڕۆژەیەک بارگرانی لەسەر شانی خەڵک کەم بکەنەوە کە نەشتەرگەری گۆڕینی جۆمگەی ئەژنۆ و جومگەی حەوز بۆ دانیشتوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجام دەدرێت.
بەگووتەی د. کامەران محەممەد، لەم پڕۆژەیەدا سەرەتا ئامار وەردەگرێت بۆ ئەوەی بزاندرێت چەند کەس پێویستی بە نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ و جومگەی حەوز هەیە.
وادەی کۆتایی سەردانیکردنی نەخۆشەکان ئاشکرا دەکات، دانیشتوانی ئیدارەی سۆران تا ڕۆژی پێنجشەممە دەتوانن سەردانی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئاشتی فێرکاری سۆران و نەخۆشخانەی فێرکاری بلێ و نەخۆشخانەی گشتی چۆمان بکەن بە مەبەستی خۆ تۆمارکردن بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران ڕاشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداویستی دابین دەکات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوکاری دانیشتوانی ئیدارەی سۆران سوودمەند بن لەم نەشتەرگەرییە.
هۆکاری پڕۆژەکە دەخاتەڕوو، خەڵکێکی زۆر هەیە پێویستی بەم نەشتەرگەریی بێت چونکە تێچووی ئەم نەشتەرگەرییانە لە کەرتی تایبەت زۆرە.
لەبارەی ئەو کەسانەی لە بڕیارەکە سوودمەندن دەبن د. کامەران محەممەد گووتی: "دەبێت کارتی زانیاری ئیدارەی سۆران بێت و دانیشتووی ئیدارەکە بێت، چونکە بڕیارەکە تەنیا دانیشتوانی سنووری ئیدارەی سۆران دەگرێتەوە".
جێگەی باسە، پێداویستیی بۆ خۆتۆمارکردن بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی ئەنۆ و حەوز تەنیا کارتی زانیارییە.