ڕۆژی دوو شەممە مووچە دێت

وەزارەتی دارایی مووچە بەسەر مامۆستایان دابەش دەکات
لە دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی 7ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی مووچە بەسەر مامۆستایان دابەش دەکات.
ئەمڕۆ شەممە عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ مامۆستایانی میلاک دابەش بکرێت، بەڵام دابەش نەکرا بەتایبەتی ئەو مامۆستایانی میلاک کە بە کاش مووچە وەردەگرن.
بەگووتەی نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست، لەسەر قسەی وەزارەتی دارایی هۆکاری دابەشنەکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست بەهۆی نەبوونی پارە بووە.
عەلی ڕەئوف وادەی دابەشکردنی مووچە رادەگەیەنێت، ڕۆژی دووشەممە مووچەی مانگی 7ـی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابەش دەکرێت.
شایەنی باسە، ژمارەی مامۆستایانی گرێبەستی سەر بە وەزارەتی پەروەردە 37 هەزار و 933 مامۆستایە و ژمارەی مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵاش 4 هەزار و 100 مامۆستایە.
ڕۆژی 1ـی 10ـی 2025، وەزارەتی دارایی لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی 7ـی مووچەخۆرانی بڵاوکردەوە.