پۆستەرەکانتان ببێتە هۆی شاردنەوەی هێماکانی هاتووچۆ لێیان دەکەینەوە

پۆستەری و وێنەی هەر بەربژێرێک ببێتە هۆی شاردنەوەی هێماکانی هاتووچۆ هاتووچۆی گەرمیان لێی دەکاتەوە
هاتووچۆی گەرمیان هۆشداری تووند بەو بەربژێر و لایەنە سیاسییانە دەدات کە پۆستەر و وێنەکانیان دەبێتە خۆی شاردنەوەی هێماکانی هاتووچۆ و ترافیک لایتەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هاتووچۆی گەرمیان ڕایگەیاند، ئاگاداری لایەنە سیاسیەکان و کاندیدە بەڕێزەکان دەکەینەوە، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا وێنە و پۆستەری کاندیدان و پارتەکان لەو شوێنانە دانەنێن کە دەبێتە هۆی شاردنەوەی هێماکانی هاتووچۆ و گڵۆپی ترافیک لایتەکان.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی هاتووچۆی گەرمیاندا هاتووە، هەروەها پۆستەر لە سەر شۆستە و لە بەرامبەر هێڵەکانی پەڕینەوە دانەنێن کە ئاستەنگی هاتووچۆیی دروست ئەکات، بە پێچەوانەوە داوای یاسایی لە سەر لایەنی سەرپێچیکار تۆمار دەکەین و پۆستەرەکانیان لێ دەکرێنەوە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی سزای سەرپێچیکردنی ڕێنماییەکانی بانگەشە ڕایگەیاند، ئەگەر هەر کەسێک سەرپێچی بکات بە هیچ شێوەیەک لێی خۆش نابین و سێ جۆر سزامان لەبەرچاو گرتووە، کە بریتین لە پێبژاردن لە 100 هەزار دینارەوە تاوەکو 10 ملیۆن دینار، هەروەها لە ئەگەری سەرپێچیی قورستر، بەندکردن و دوورخستنەوەش بەشێکی دیکە لە سزاکان دەبن.
ئەمە کە کاتێکدایە، کەمتر لە 12 کاتژمێر ماوە بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن ڕۆژی 11-11-2025 بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی دیاری کردووە.