لە عێراق 2 ملیۆن کارتی نیشتیمانی زیاتر لە دانیشتووانەکەی دەرکراوە

وهزارهتی نێوخۆی عێراق 47 ملیۆن کارتی نیشتمانی دەرکردووە کە نزیکەی 2 ملیۆن لە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاترە
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، وەزارەتی نێوخۆی عێراق تا ئێستا نزیکەی 47 ملیۆن کارتی نیشتمانی یەکگرتوو چاپکردووە و ڕادەستی هاووڵاتییانی کردووە، لەکاتێکدا بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان ژمارەی دانیشتووانی عێراق نزیکەی 46 ملیۆن کەسە.
جیاوازی ژمارەی کارتی نیشتیمانی و ژمارەی دانیشتووان پرسیاری دروستکردووە و وایکردووە کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامە ڕووبەڕووی لێکدانەوەی ئەم ژمارە بەرزە بێتەوە، چونکە لە کۆی 46 ملیۆن دانیشتووی عێراق، نزیکەی یەک ملیۆنی هاووڵاتی بیانین کە دانیشتووی عێراقن.
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم جیاوازییە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نێوخۆ ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو عێراقییانەی لە وڵاتانی تاراوگەدا دەژین بە زیاتر لە سێ ملیۆن کەس مەزەند دەکرێن، ئەو دوو ملیۆن کارتە زیادەیە لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکانی عێراق لە دەرەوە یاخود دوای گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانە بۆ وڵات، دراوە بەو عێراقییانەی لە تاراوگەدا دەژین.
ئەم سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، سەرژمێری دانیشتووان تەنیا هاونیشتیمانیانی دانیشتووی نێو عێراقی گرتەوە بە هاووڵاتیانی بیانیشەوە، بەڵام ئەو عێراقییانەی نەگرتەوە کە دانیشتووی وڵاتانی دیکەن بۆ هەر مەبەستێک بێت.