فارس عیسا: پێویستە تا مانگی 12 هەموو مووچەکانی خەڵکی کوردستان بنێردرێت

زانیاری نوێ له‌سه‌ر هاتنی مووچه‌ی مانگی 7 و ناردنی كۆی مووچه نه‌نێردراوه‌كانی دیكه ده‌خرێته ڕوو
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە بەغدا بۆ یه‌كه‌مجار كۆمه‌ڵێك زانیاری ورد و نه‌بیستراو له‌سه‌ر پرسی مووچه‌ی كوردستان ئاشكرا ده‌كات و باس له‌وه‌ش ده‌كات، ده‌بێت كه به‌غدا تا مانگی 12 هەموو مووچەکانی خەڵکی کوردستان بنێردرێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە بەغدا ڕایگه‌یاند، ئێمه وەک نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ مووچه‌ی مانگی 7 له به‌غدا ھەموو ڕێکكارەکانمان تەواو کردووه و چاوەڕێ دەکرێت ئەم ھەفتەیە مووچە ڕەوانە بکرێت، بۆیە ئەوەی پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی داوە و 120 ملیاریشی ڕەوانە کردووە، تەنیا ماوە بەغدا مووچەکە ڕەوانە بکات.
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە بەغدا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پێویستە تا مانگی 12 هەموو مووچەکانی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران و خەڵکی هه‌رێمی کوردستان بنێردرێت، چونكه هه‌ولێر و به‌غدا به ته‌نیا له‌سه‌ر نه‌وت و دارایی ڕێكنه‌كه‌وتوون به‌ڵكو له‌سه‌ر سەقامگیری سیاسی و دارایییش ڕێككه‌وتوون و ئه‌وه ئامرازێكی باشه بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی دۆخه‌كه.
فارس عیسا له كۆتاییدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ده‌بێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا به‌غدا مووچه‌ی مانگی 7 بنێرێت، چونكه له‌مه‌ودوا هیچ بیانوێكیان له‌ده‌ست نییه و ئه‌وه‌ی داوایان كردووه بۆیان جێبه‌جێ كراوه و له‌دوای ناردنی مووچه‌ی مانگی حه‌وتیش ده‌بێت ڕاسته‌وخۆ مووچه‌ی مانگه‌كانی دیكه بنێردرێت.