پایتەخت

باوک و کوڕێک لە کفری کوژران

باوک و کوڕێک لە کفری کوژران
کورتە

دوو کەسی نزیکی تۆمەتباری تاوانی کوشتنی ئەکبەر حاجی رۆستەم کوژران

لەسەر کەیسەکەی ئەکبەر حاجی رۆستەم، باوک و کوڕێک لە کفری کوژران 

ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم، دوو کەسی نزیکی تۆمەتبارەکە کوژران، ئەوانیش باوک و کوڕێکن، باوکەکە ناوی (عەزیز حوسێن برغش)ـە و تەمەنی 47 ساڵە، کوڕەکەش (محەمەد عەزیز حوسێن)ـە و تەمەنی 20 ساڵە، بە ڕەگەز عەرەبن و لە قەزای کفری نیشتەجێ بوون.

هاوکات هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە کەسوکاری ئەکبەر حاجی رۆستەم ڕایگەیاند، دوو هاووڵاتیی بە ڕەگەز عەرەب بە تۆمەتی کوشتی ئەکبەری حاجی رۆستەم، کەسایەتی دیاری گەرمیان و باوکی 24 منداڵ لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستگیر کراون، یەکێک لەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراوە، ئەو کەسە بووە کە ئۆتۆمبێلەکەی ئەکبەری حاجی رۆستەمی بردووە و لە بەغدا فرۆشتوویەتی.

ئەمە لە کاتێکدا دوێنێ سێشەممە پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە حاڵەتێکی کوشتن لە گوندی ئۆمەربل سەر بە ناحییەی سەرقەڵا ئاگادار کرانەوە، دەست بەجێ مەفرەزەکانیان چوونە شوێنی ڕووداوەکە و دەرکەوت هاووڵاتیی (ئەکبەر رۆستەم محەممەد) ناسراو بە ئەکبەر حاجی رۆستەم، لەدایکبووی 1955 لە نێو زەوییە کشتووکاڵییەکەی خۆی بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستداوە و مۆبایل و ئۆتۆمبێلەکەشی بردراوە.

24 ئەیلوول 2025 12:40 1007
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025