ئەکبەر حاجی رۆستەم چۆن کوژرا؟
پایتەخت زانیاری نوێ لەسەر کوژرانی ئەکبەر حاجی رۆستەم ئاشکرا دەکات
پایتەخت میدیا بە پشت بەستن بە چەندین سەرچاوەی فەرمی و نزیک لە ئەکبەر حاجی رۆستەم، چۆنیەتی کوژرانی ناوبراو و هەڵاتی بکوژ ئاشکرا دەکات.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە کەسوکاری ئەکبەر حاجی رۆستەم بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ ئەکبەر حاجی رۆستەم لەسەر حەوزی ماسییەکەی لە ناوچەی سوورکی نزیک گوندی ئۆمەربلی سەر بە ناحیەی سەر قەڵای قەزای کفری کوژراوە و دوای چەند کاتژمێرێک لە کوژرانی، ئینجا خێزان و کەسوکاری زانیویانە کوژراوە و تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە بە پایتەخت میدیای گوت: "ئەو رۆژە ئەکبەر حاجی رۆستەم لە هەولێر بووە و پێش گەڕانەوەی بۆ کفری، لە لایەن کەسێکەوە پەیوەندی پێوەکراوە تاوەکو بێتە سەر حەوزی ماسییەکەی و دواتر لە نێو خانووێکی نزیک حەوزەکە، تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
عەلی جەمال قەدوری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لەبارەی کوژرانی ئەکبەر حاجی رۆستەم ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری کوشتنی ناوبراو دەستیان پێکردووە و تاوەکو ئێستا دیار نییە، کە چۆن تەقە لە ئەکبەر حاجی رۆستەم کراوە و کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێک هەبووە یان نا.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕاشیگەیاند، لە دوای کوژرانی ئەکبەر حاجی رۆستەم، بکوژ ئۆتۆمبێڵ و مۆبایلەکەی کوژراوی بردووە و هێزە ئەمنییەکان، لە لێکۆڵینەوە بەردەوامن بۆ ئەوەی بزانن بکوژ بەو ئۆتۆمبێڵە چ ئاڕاستەیەکی گرتووە و بۆ کوێ ڕۆیشتووە.
تەرمی ئەکبەر حاجی رۆستەم، گەیاندراوەتە پزیشکی دادی کفری و چاوەڕوان دەکرێت، بەیانی سێ شەممە لە زێدەکەی خۆی بە ئامادەبوونی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری بە خاک بسپێردرێت.