مەسرور بارزانی 200 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ئاوی خەبات تەرخان دەکات

لە درێژەی خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەم بڕی 200 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ئاوی خەبات تەرخان کرا
لە درێژەی خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەم، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 200 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ئاوی خەبات تەرخان دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە ئومێد خۆشناو، پاریزگاری هەولێر بڵاویکردەوە، کار و پلان و بەرنامەڕێژی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە پاڵپشتی و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە تەواوی سنووری پارێزگای هەولێر بەردەوامە توانراوە قۆناغی زۆرباش ببڕن و گرفت و كێشەكان چارەسەربكرێت.
جەختی لەوەشکردەوە، بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەیەكی تری گەورە و گرنگ و ستراتیژیی بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئاوی دەڤەرەكە، لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕەزامەندنی درا بە دابینكردنی گوژمەی 195 ملیار و 145 ملیۆن دینار.
لە درێژەی قسەکانیدا گووتی: "بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی قەزایی خەبات لە سنووری پارێزگای هەولێر، كە بڕیارە لەو نزیكانە دەستبكرێت بەگرتنبەری ڕێکارەكان و تەواوکردنى کاروبارەکان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە".
دووپاتیکردەوە، دیدگای ستراتیژیی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ چارەسەركردنی پرسی ژێرخانی ئاو، تەنیا لەئەنجامدانی ئەو پڕۆژ انە ڕەنگی نەداوەتەوە، بەڵکوو لە خەمخۆری بەڕێزیان بۆ پرسی ئاو، جگە لە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە چەندین بەنداو و پۆندی گەورە و بچووكی دیكە لە سنووری پارێزگای هەولێر.
ئومێد خۆشناو دەشڵێت: "بۆ گلدانەوەی ئاوی سەرزەوی و بەفیڕۆ نەچوونی ئەو سامانە گرنگە نیشتیمانیە و بەرگرتن لە وشکەساڵی و گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا و گرنگیدان بە کەرتەكانی کشتوکاڵ و گەشتیاری ئەنجامدراون، هەموو ئەوانەش بەیەكەوە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە بە پڕۆژەی مەزنی ستراتیژی و گرنگی ژێرخانی سێکتەری دابینکردنی ئاو بۆ هاوڵاتییان دادەنرێت".