ئەمریکا هاوکارییە داراییەکانی بۆ پێشمەرگە رادەگرێت

هاوکاریی دارایی لیوا هاوبەشەکان کۆتیی دێت و ئەمریکا راپۆرتی داواکاریی بودجەی سندووقی راهێنان و پڕچەککردنی دژە داعش بۆ ساڵی دارایی 2026 بڵاوکردەوە
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا گۆڕانکاری گەورە لە پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی کورد دیاری دەکرێت.
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، راپۆرتی داواکاریی بودجەی سندووقی راهێنان و پڕچەککردنی دژە داعش بۆ ساڵی دارایی 2026 بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هاوکارییە داراییە راستەوخۆکانی ئەمریکا کۆتاییان دێت، لە کاتێکدا بودجەی چەک، ئۆتۆمبێل و راهێنان فراوان دەکرێت، ئەویش تەرخانکردنی 61 ملیۆن و 14 هەزار و 940 دۆلاری بۆ راهێنان و پڕچەککردنی پێشمەرگەیە.
ئەمەش بەو پێیەی پرۆگرامی هاوکاریی دارایی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە، کە بەشێکی سەرەکی بوو لە یارمەتییەکانی ئەمریکا، لە ساڵی دارایی 2026 بە تەواوی کۆتایی دێت.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی جەنگی ئەمریکادا هاتووە، بەگوێرەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەیلوولی 2022، حکومەتی عێراق لە ساڵی 2026ـەوە خۆی هاوکارییەکانی پێشمەرگە دەگرێتە ئەستۆ و خەرجی دەکات.
ئەمە لە کاتێكدایە، لە ساڵی 2024دا، ئەمریکا بڕی 135 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکارییە داراییەکان دابەشکرد، لە ساڵی 2025 بڕەکە بۆ 60 ملیۆن دۆلار کەمکرایەوە.