ئەمڕۆ فەرەنسا و چەند وڵاتێکی دیکە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن

دانپێدانانی وڵاتان بە دەوڵەتی فەڵەستین ناکۆکی خستووەتە نێو ئیسرائیلییەکان و ئەمڕۆش فەڕەنسا و چەند وڵاتێکی دیکە بە فەرمی دانی پێدادەنێن
ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و ئەمەش ناکۆکی خستووەتە نێو ئیسرائیلییەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە، بە بەشداری چەندین سەرۆک و سەرکردەی باڵای وڵاتان لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک، 80 ـەمین خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندووە، کە ئەوان و چەند وڵاتێکی دیکە دان بە دەوڵتی فەڵەستیندا دەنێن.
هاوکات هەر لەم کۆبوونەوەیەدا سعودییە و فەرەنسا هاوسەرۆکایەتیی یەکێک لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن کە تایبەت کراوە بە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین.
بەڵام سەرۆکی فەرەنسا مەرجێکی هەیە و دەڵێت، دوای ئەوەی پاریس دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا، تاوەکو بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس لە غەززە ئازاد نەکرێن، باڵیۆزخانە لە فەڵەستین ناکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین ناکۆکی خستووەتە نێو ئیسرائیلییەکان و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەدەرەوەی کارنامەی ئاسایی حکومەت کردووە، بەبێ بەشداریی ئیتیمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی و بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی، بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی وەڵامدانەوەی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە دەوڵەتی فەڵەستین.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە، بەریتانیا، کەنەدا، پۆرتوگال و ئوسترالیا دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا و بەمەش ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە ئەم هەنگاوەیان ناوە، گەیشتە 153 وڵات لە کۆی 193 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان.