سەگێکی بێلانە بگرە و 2 هەزار دینار وەربگرە
شارەوانی سلێمانی هەڵمەتی گرتنی سەگی بێلانە چڕتر دەکاتەوە و پاداشتی دارایی هەر کەسێکیش دەکات کە بەشدار دەبێت لەم هەڵمەتە
بەهۆی زۆربوونی ڕێژەی سەگی بێلانە لە سلێمانی شارەوانی ئەم پارێزگایە هاوشێوەی هەولێر پاداشتی دارایی ئەو کەسانە دەکات کە سەگی بێلانە دەگرن.
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند، هاووڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە کە لە سبەینێەوە هەڵمەتی گرتنی سەگی بێلانە دەگرنە بەر و هەر هاووڵاتییەک سەگێک بگرێت و ڕادەستی شێڵتەرەکان بکات، بە 3 هەزار دینار پاداشت دەکرێت، بەڵام ئەگەر ڕادەستی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگی بکات، واتە (لەشوێنێک کۆبکرێتەوە و تیمەکانمان بێنە شوێنی مەبەست بۆ بردنیان) ئەوا تەنیا 2 هەزار دینار پاداشت دەکرێت.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا دوا لە ئاژەڵ دۆستان و رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان کراوە، کە پشتیوان و هاوکاریان بن بۆ ئەم هەڵمەتە کە سوودی بۆ بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی و گیانی هاووڵاتییان دەبێت.