ناوی 3 ملیۆن کەس لە پسوولەی خۆراک سڕایەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێت، بەهۆی ئەوەی گەشتیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە یان کۆچی دواییان کردووە، بەهۆی کۆبۆنی ئەلیکترۆنی خۆراکەوە ناوی 3 ملیۆن کەس لە وەرگرتنی بەشە خۆراک سڕدراوەتەوە.
بەچەند هۆکارێکی جیاواز 3 ملیۆن کەس ناویان لە پسوولەی خۆراک سڕایەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، تائێستا بەهۆی پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراکەوە ناوی 3 ملیۆن کەس لە وەرگرتنی بەشە خۆراک سڕاوەتەوە، ئەوانیش ئەوانەن کە لەدەرەوەی وڵات دەژین یان کۆچی دواییان کردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، کە وەزارەتەکەیان بەردەوامە لە پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم کاروبارەکان لەوانەش پسوولەی خۆراک، پێشبینیش دەکات لەمەودوا ژمارەی ئەوانەی لە وەرگرتنی بەشە خۆراک سوودمەند دەبن بگاتە 41 ملیۆن کەس.
25ـی ئەم مانگە کۆتا وادەیە بۆ پڕکردنەوەی پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک و بەرنامەکە ڕادەگیرێت، دواتریش بەشی سڕینەوە و زیادکردنی ئەندامانی خێزان بۆ ئەپڵیکەیشنە زیاد دەکرێت.