له چه‌مچه‌ماڵ شۆفێرێك درایه به‌ر ده‌ستڕێژی گوللە

به‌هۆی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له سنووری چه‌مچه‌ماڵ هاووڵاتییه‌ك درایه به‌ر ده‌ستڕێژی گولله و كوژرا
كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر، له سنووری شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر شۆفێری ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگر و به ده‌ستڕێژی گولله ده‌یكوژن.
دوا نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، له نزیك بازگه‌ی بانی مه‌قانی سنووری شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ژماره‌یه‌ك چه‌كدار به‌هۆی كێشه‌یه‌كی كۆنی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌ستڕێژی گولله له شۆفێری ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگر ده‌كه‌ن و له ئه‌نجامدا به‌هۆی زۆری ڕێژه‌ی ئه‌و گوللانه‌ی له جه‌سته‌یان داوه ڕاسته‌وخۆ گیان له‌ده‌ست ده‌دات.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له ڕووداوه‌كه ڕایگه‌یاند، كوژراو ناوی ته‌واوی محه‌ممه‌د سلێمانه و پیكابێكی پێ بووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر هاووڵاتییه‌ك ده‌كوژێت، ئه‌مڕۆ كه‌سوكاری ئه‌و كه‌سه هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ری و كوشتوویانه.
سه‌رچاوه‌كه باسی له‌وه‌شكرد، چه‌كداره‌كان دوای ڕووداوه‌كه و كوشتنی ئه‌و كه‌سه به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵهاتوون و پێشوه‌خته پلانی كوشتنی ئه‌و هاووڵاتییه‌یان داڕشتووه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، له‌ئێستادا هێزه‌كانی به‌ڵگه تاوان و هێزه ئه‌منییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته شوێنی ڕووداوه‌كه و لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌تاییان بۆ ده‌ست خستنی زانیاری له‌سه‌ر ڕاستی و دروستی ڕووداوه‌كه ده‌ست پێكردووه.