ئەمریکا متمانەی بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق نەماوە بۆیە هێزەکانی کشاندەوە

ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی زیادبوونی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگە و کشانەوەیان لە عێراق بە نەمانی متمانە بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لێکدەداتەوە
راوێژکاری سەرۆک بارزانی لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق جەخت لە نەمانی ئەمریکا بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکات و خواستی هەرێمی کوردستان بکاتە نێوەندێكی سەرەكی رووبەڕبوونەوەی تیرۆر لەناوچەكە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ڕۆژنامەی (شەرق ئەول ئەوسەت) لە زاری کیفاح مەحموود، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی بڵاویکردەوە، بەهۆی پەرشوبڵاوی ئەمنی و فرەیی ناوەندەکانی بڕیاردان و هەژموونی گروپە چەکدارەکان لە عێراق، حکومەتی واشنتن هیچ متمانەیەکی بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق نەماوە.
لەبارەی زیادبوونی هاوکارییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، کە گوزارشت لەمتمانەی واشنتۆن و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە هەرێمی کوردستان و توانای هێزە ئەمنییەکانی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان دەکات.
بەتایبەتی ئەمساڵ، بودجەی ساڵی 2026ـی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا پێشکەوتنێكی روونى لە هاوکاری دارایی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان (هێزی پاراستنی هەرێمی کوردستان) دەرخستووە، لە کاتێکدا ئەم هاوکارییەى بۆ هێزە عێراقییە فیدراڵییەکان كەمكردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی کشانەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کیفاح مەحموود جەختی کردەوە، کە لەوانەیە پەیامێکی زۆر ڕوون بێت لەلایەن ئەمریکاوە بۆ بەغدا و ئێرانییەکان، بەوەی کشانەوەی لەبەغدا ئاسایی نییە، بەڵکو پلانی بۆ دانراوە، لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكانە بۆ ئەگەری پێکدادانی نوێی سەربازی لەگەڵ تاران.
بە گوتەی چاودێران، كشانەوەی هێزەكانى ئەمریکا رەنگە ئامادەكاری بێت بۆ ئەگەری پێكدادانی نوێ لەگەڵ تاران، هاوکات ئەمریكا خواستی هەیە هەرێمی كوردستان بكاتە نێوەندێكی سەرەكی رووبەڕبوونەوەی تیرۆر لەناوچەكە.
ماوەی دوو هەفتەیە پرۆسەی کشانەوەکە دەستیپێکردووە و چەندین بنکەی سەربازی گرنگ دەگرێتەوە، لەوانە وەک بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و بنکەی ڤیکتۆریا لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، وا بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە، سەرجەم سەربازەکانی ئەمریکا کە دوو هەزار و 500 سەربازە، عێراق و بەجێبهێڵن.