پایتەخت

ئەنجوومەنی دەوڵەت لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسی مووچە کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی دەوڵەت لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسی مووچە کۆدەبێتەوە
کورتە

ئەنجوومەنى دەوڵەت بەمەبەستى دەربڕینى راى خۆى لەسەر پرسى نەوت و داهاتى ناوخۆ و مووچەى فەرمانبەران كۆببێتەوە و دواتریش ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات.

کۆبوونەوەی هەر یەک لە ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی ناوخۆی کوردستان و ناکۆکییەکانی لەنێوان هەولێر و بەغدا، لەگەڵ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ سێ شەممە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی مووچە و بە ئامادەبوونی دوو نوێنەری هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت و لێكدانەوەی یاسایی بۆ ئەو ماددە یاساییانە دەکەن، كە باس لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان دەكەن، لەگەڵ ئەو ناکۆکیانەی هەولێر و بەغدا لەسەر پشکی حکومەتی عێراق كۆك نین.

ئەگەری هەیە هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی دەوڵەت بۆچوونی یاسایی خۆی لەبارەی ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا لەبارەی داهاتە نانەوتییەکان دەرببڕێت، هەرچەندە بە گوێرەی ئەزموونی کاری نێودەوڵەتی لە ڕابردوودا، ئەمە هەندێک ئەستەمە ڕووبدات، بەڵام دەکرێت پەلەی لێ بکرێت بەتایبەتی ئەگەر پێداگری حکومەتی عێراقی لەسەر بێت.

دوای ئەم کۆبوونەوەیە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کاتژمێر یەک كۆدەبێتەوە، ئەگەر پێش كۆبوونەوەكە ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆچوونەكەی خۆی بخاتەڕوو و وەڵامی نووسراوەكە بداتەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتووێی بۆچوونەكەی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەكات، ئەگەر ئەمەش نەكرا پرسەکە یەکلانەکرایەوە یان وەڵامەکە پێڕانەگەیشت، ئەوا پرسەکە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.


 ئەنجوومەنى دەوڵەت تەنیا بۆ لێكدانەوەى یاسایی و رادەربڕینە نەك بڕیاردان لەسەر ناردنى مووچە، بەڵام راى ئەنجومەنەكە گرینگە بۆ ئەنجوومەنى وەزیران تا لەرێى كۆبونەوەكەى نیوەڕۆوە، بڕیارى یەكلاكەرەوەى خۆى بدات.

ئەنجوومەنی دەوڵەت دامەزراوەیەکی سەربەخۆی دەستووری یاساییە، 50 ئەندامی هەیە، ئەرکی پێشینەی ئەم ئەنجوومەنە دادوەری کارگێڕییە، سەرباری ئەوەی دوو ئەرکی دیکەی گرینگی هەیە، کە بریتییە لە داڕشتنەوەی پڕۆژە یاساکان بۆ حکومەتی عێراق و وەزارەتەکان، لەگەڵ پێدانی ڕووکردنەوە و ڕاوێژ و ڕاوبووچی یاسایی، تایبەت بە دەقە یاساییەکان.

16 ئەیلوول 2025 09:48 97
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025