ئەم هاووڵاتییە لە قەزای خورماڵ بە گولـلە گیانی لەدەستدا

پۆلیسی هەڵەبجە دەستی بە لە لێکۆڵینەوە لە کەیسێک کردووە تێیدا کاسبکارێک لە خورماڵ بە گولـلە کوژراوە و نازانرێت ڕووداوەکە تاوانکاری بووە یان خۆکوشتن
کاسبکارێک لە قەزای خورماڵ تەقەی لێکراوە و تا ئێستاش دیار نییە کێ بووەتە هۆی کوشتنی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەڵەبجە، هاووڵاتییەک بە ناوی (وەهبی تاهیر مەیکە)، تەمەنی 43 ساڵە، باوکی 3 منداڵە و ماوەی نزیکەی 7 ساڵە لە قەزای خورماڵی پارێزگای هەڵەبجە دووکانی خواردەمەنی هەبووە، بە چەک گیانی لەدەستداوە و ئاسەواری گولـلە بە سەرییەوە بووە.
هەر بە گوێرەی ئەم سەرچاوەیە، تا ئێستا ڕوونییە ڕووداوەکە تاوانکاری بووە یان نا، چونکە دەگوترێ "بە دەمانچە خۆی کوشتووە،"، بەڵام تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە، کەسێکیش بەتۆمەتی ڕووداوەکە دەستگیرکراوە.
لە ئێستادا پۆلیسی هەڵەبجە دەستی بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کردووە و تەرمی ئەو هاونیشتمانییەش لە دادپزیشکیی هەڵەبجەیە.