عێراق ڕۆژانە 11.6 ملیۆن دۆلار زەرەر دەکات

ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ئاشکرای دەکات، هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە و عێراق ڕۆژانە 11.6 ملیۆن دۆلار زەرەر دەکات
ڕوانگەی ئیکۆ عێراق بۆ کاروباری ئابووری، ڕایگەیاندووە، بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، عێراق ڕۆژانە 11.6 ملیۆن دۆلار زەرەر دەکات و پەرلەمانی عێراقیش بەرپرسیارە لەم هەموو زیانەی بەر وڵاتەکە دەکەوێت.
ئەمڕۆ شەممە، ڕوانگەی ئیکۆ عێراق بۆ کاروباری ئابووری لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بڕیار وابوو کە هەرێمی کوردستان نزیکەی 230 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردە بکات، جگە لەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بەکار دەهێنرێتەوە، هەروەها تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت بە نزیکەی 16 دۆلار خەملێندراوە، تێچووی گەیاندنی نەوت بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیاشەوە یەک دۆلار و نیوە بۆ هەر بەرمیلێک.
ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ڕایگەیاندووە، دوای لێبڕینی ئەم تێچوونانە، پێشبینی دەکرێت قازانجی هەناردەکردن 230 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا 11.16 ملیۆن دۆلار بێت، ئەگەر بەرمیلێک نەوت بە نرخی 66 دۆلار بفرۆشێت، عێراق مانگانە 334 ملیۆن دۆلار و ساڵانە زیاتر لە 4 ملیار دۆلار زیانی پێدەگات بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، ئیکۆ عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، پەرلەمانی عێراق بەرپرسیارە لە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بەهۆی دەرنەکردنی یاسای نەوت و گازەوەیە.