142 زیندانیکراوی دیکە ئازاد کران

وەزارەتی دادی عێراق ئازادکردنی زیاتر لە 100 زیندانی دیکەی ڕاگەیاند
دوای 11 ڕۆژ لە ئازادکردنی هەزارەها زیندانی، وەزارەتی دادی عێراق دووبارە ئازادکردنی زیاتر لە 100 زیندانی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاند، 142 گیراوی دیكەیان ئازاد كرد، كە بەشێكیان بەر یاسای لێبوردنی گشتیی كەوتوون.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە پشتبەستن بە راسپاردەکانی بەشی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی و رەزامەندی دەسەڵاتی دادوەریی کارامە، ئەو کەسانەی ئازاد کراون 103ـیان نەوجەوانن، هاوکات 14 نەوجەوانیش کە دوای تێپەڕاندنی سزاکانیان ئازادکراون، 8 دیکەش کە بە پارێزبەندی ئازادکراون بەهۆی هەڵسوکەوتی باش و تەواوکردنی خولی چاکسازی پەسەندکراو.
جگە لەوانەش، 12 نەوجەوان ئازادکراون بەپێی یاسای لێبوردنی گشتی، جگە لە 5 نەوجەوانان دیكە، كە بە بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوە ئازاد كراون.
جێی باسە پێشووتریش لە ڕێککەوتی 2-9-2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە 33 هەزار زیندانی ئازاد کراوەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەتای ساڵی 2025، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فایق زیدان، ڕێنمایی جێبەجێکردنی هەموواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە 27ـی ساڵی 2016ـی دەرکرد، کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندکرابوو.