پایتەخت

ئەمجۆرە مریشکە مەکڕن

ئەمجۆرە مریشکە مەکڕن
کورتە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی مریشکی بەستوویدا

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی مریشکی بەستوویدا و بەرێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێریش دەڵێت: "حکومەتی هەرێم لەسەرەتای کابینەی نۆیەمەوە ئەم بڕیارەی دەکردووە".

ئەمڕۆ هێمن سەید موراد، بەرێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەربارەی بڕیاری قەدەغەکردنی مریشکی بەستوو بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بە ئامانجی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ لە سەرەتای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی مریشکی بەستوو دراوە، بڕیارەکەی ئەمڕۆی حکومەتی عێراق ئەوەیە کە دیارە تازە گەیشتوونەتە بنەمای ئابووری کە پشت بە بەرهەمی ناوخۆ ببەستن.

جەختی لەوەکردەوە، ئەگەر ڕێگە بە هاوردەکردنی مریشکی بەستوو بدرێت ئەوا خاوەنی پڕۆژە پەلەوەرییەکان تووشی زیان دەبن، بەداخەوە هەندێک سنوور هەیە پابەند بە بڕیارەکەی حکومەت نەبوون و بە شێوەی نایاسایی هاوردەی مریشکی بەستوو دەکەن.

هێمن سەید موراد داوایەک ئاڕاستەی هاووڵاتییان دەکات، خۆتان بەدووربگرن لە کڕینی مریشکی بەستووی هاوردە تەنیا مریشکی بەستووی ناوخۆ بەکار بهێنن.

دەربارەی نرخی مریشکی بەستووی هاوردە گووتی: "ڕەنگە نرخی مریشکی هاوردە کەمێک هەرزانتر بێت بەڵام کوالێتی بەرهەمی ناوخۆ باشترە و ئەگەر هەیە ئەو بەرهەمانە چەند جارێک بەسەرچووبێتن، چەندین ساڵ کۆگا کرابن".

لە کۆتایی قسەکانیدا بەرێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێردەڵێت: "پێویستە ئەو مریشکانە بکڕن کە کێشیان لە دوو کیلۆ کەمترە چونکە ئەگەر هەر مریشکێک کێشی لە سەرووی دوو کیلۆ بێت ئەگەری بەکارهێنانی داودەرمانی زیاتر بێت".

ئەمڕۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لەسەر داوای وەزارەتمان، دەنگ لەسەر بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی مریشكی بەستوو بە هەموو شێوەكانی بۆ ناوخۆی عێراق درا.

08 ئەیلوول 2025 23:05 75
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025