ئەنجامدەرانی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم ئاشکرا دەکرێن

ڕاوێژکاری سوودانی ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە بارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێم بەردەوامن و دوای تەواوبونییان ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێتەوە
دوای ئەنجامدانی نزیکەی 20 هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان دواجار ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە ئاشکرا دەکرێن و ڕاوێژکاری سوودانیش دەڵێت، ئەو پێشێلکارییانە قبووڵکراو نین.
ئەمڕۆ دووشەممە، خالید یەعقوبی، راوێژکاری سوودانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئەو لێژنەیەی لەلایەن سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان پێکهێندرابوو، ڕاپۆرتی خۆی پێشکەشکردووە و ئەو لایەنانەش دەستنیشانکراوە کە هێرشەکانیان ئەنجامداوە.
لە درێژەی قسەکانیدا ڕاوێژکارى ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕاشیگەیاندووە، لێژنەکە سەردانی ئەو شوێنانەی کردووە، کە بە درۆن هێرشیان کراوەتەسەر و ڕاپۆرتی خۆیان بە واژۆی سەرجەم ئەندامانی لیژنەکەوە پێشکەشکردووە.
خالید یەعقوبی ئامادە نەبوو ناوی لایەنە هێرشبەرەکان و شوێنی ئاڕاستەکردنی هێرشەکان کە لە خاکی عێراق یان دەرەوەی خاکی عێراقەوە بووە ئاشکرا بکات و دەشڵێت، هەموو زانیارییەکانیان لە ڕاپۆرتەکەدا بەوردی باسکراون، جەختیش دەکاتەوە کە دەوڵەت پێداگرە لەم پرسانەدا، ناکرێت ڕێگەی پێبدات، ئەوپەڕی تواناکانی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ رێگری کردن لە دووبارەبوونەوەیان.